سەردێڕ:

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر شنگال دەبێتە شەڕی ئێران و تورکیا

فۆتۆ: 
2021-02-23

3268 جار خوێندراوەتەوە

​فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، بە هۆکاری پارتێکی سیاسی و حەشدی شەعبی ئەگەری دروستبوونی شەڕ هەیە لە شنگالدا، دەشڵێت، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر شنگال دەبێتە شەڕی نێوان ئێران و تورکیا.


قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاندووە، "چەند رۆژێکە حەشدی شەعبی هێزێکی زۆری هێناوەتە ناو شنگال دەڵێن بۆ شەڕی تورکیایە و وەک دەزانرێت هێزى حەشدی شەعبی هێزى ئێرانە، بۆیە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر شنگال دەبێتە شەڕی نێوان ئێران و تورکیا ئێمەش دەبینە قوربانی"، دەشڵێت، "ئێمە شەڕ ناکەین تەنها بەرگری لەخۆمان دەکەین، ئێمە نەشەڕی تورکیا دەکەین نەشەڕی عێراق."

ئاماژەى بەوەشکردووە، "خەڵکی شنگال لە ئێستادا ئارام نین دەترسن جارێکی تر بکوژرێنەوە و ئاوارە بکرێنەوە، و پەکەکە لە شەنگال نەکشاوەتەوە بەپێچەوانەوە ژمارەیان زیادیکردووە."

باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر پەکەکە شنگالی چۆڵ بکردایە تورکیا هێرشی نەدەکرد، چونکە تورکیا لەبەر پەکەکە هێرشدەکات نەک لەبەر سڤیل و حکومەتی عێراقی، پەکەکە و حەشدی شەعبی بونەتە لایەنێکی ناباش بۆ شنگال."

قاسم شەشۆ راشیگەیاندووە، "ئەگەر رێککەوتنەکەی جێبەجێ بکرایە پێشمەرگە و حکومەتی عێراقی دەهاتنەوە شنگال ئەمانەش دەچوونەوە وە ئەمەی ئێستاش نەدەبوو، ئەگەر پەکەکە شنگالی چۆڵ بکردایە تورکیا هێرشی نەدەکرد."

ئەوەشى خستووەتەڕوو،" پەکەکە خەڵکی خۆی زۆر کۆکردووەتەوە لە شنگال و حەشدی شەعبیش هێزێکی زۆری هێناوە، دەبینین تورکیاش لەولاوە هەڕەشە دەکات ئیتر نازانم چی روودەدات."

 

فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال دەشڵێت، "هیوادارم ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر شنگال جێبەجێبکرێت تا خەڵک ئاسودە بێت، چونکە ئەو رێککەوتنە جێبەجێبکرێت خەڵکی شنگال ١٠٠% ئارام بێت و بە کشانەوەی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال رێککەوتنەکە جێبەجێدەکرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر و لەساڵى رابردوودا، رێککەوتن لە نێوان پارتى و مستەفا کازمیدا ئەنجامدرا بە مەبەستى گەڕانەوەى هێزەکانى پارتى بۆ سنورى شنگال.