سەردێڕ:

پارێزگارى سلێمانى: حکومەت داواکارییەکانی پەسەندکردین ​

فۆتۆ: 
2021-02-23

6902 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، حکومەتى هەرێم داواکارییە کارگێڕیی و داراییەکانى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕینى بۆ ئەمساڵ پەسەندکرد.


هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، بەسەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبونی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و وەزیرانی دارایی و ئابوریی و پلاندانان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی  ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بوارە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا بە روونی و بە وردیی راپۆرتی هاوبەشی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاو یەکەکارگێڕییەکان و داواکارییە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی و پەرەپێدانەکانی هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگاکان گفتوگۆیان لەسەرکرا."

باسی لەوەشکردووە، "هەموو ئەو پێشنیاز و داواکارییانەی لە راپۆرتە هاوبەشەکاندا گەڵاڵەکرابوون لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانەوە پەسەندکران و بوون بەبڕیار."

بەوتەى هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەو سێکتەر و بوارانەی لەم راپۆرتانەدا بۆ ساڵی ۲٠۲۱ پەسەندکراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازیی و پێداویستییە زۆر پێویستەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابینبکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکەن.

 

لە چەند رۆژی رابردووشدا، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندبوو، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بڕی ملیارێک و ٤٧ ملیۆن دۆلار لە رێی ٣٤ پڕۆژەوە لە سنوری پارێزگاکە خراوەتەگەڕ، وتبووشی، "بۆ یەکەمجارە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا سلێمانی لە پرۆژەدا دەگاتە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی گازندەی ئەوەیان هەیە کە وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە و هەلیکار کەمە و ئیش و کاری بازاڕەکانیش لەوپەڕی کزیدایە.