ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەنگە کۆتایی ئەم هەفتەیە هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن، دوای ئەوەی هەرێم هەموو تۆمارەکانی نەوت و دەروازە سنورییەکانی رادەستی بەغدا کردووە.
محاسن حەمدون ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی بەرزکردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و چاوەڕێی دیاریکردنی وادەی تێپەڕاندنی پرۆژەکەن.
محاسن حەمدون ئەوەشی خستووەتەڕوو، "زۆر سەختە بتوانرێت پێنج شەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر بودجە بدرێت بەبێ یەکلابوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان."
باسی لەوەشکردووە، "کوتلە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تائێستا ناکۆکییەکانیان یەکلانەکردووەتەوە، بەڵام رەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگەنە چارەسەر بەتایبەتی دوای ئەوەی هەرێم هەموو تۆمارەکانی تایبەت بە هەناردەی نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەکانی ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی وردبینی تێدابکرێت."