سەردێڕ:

نەخۆشخانەی شار: گومان دەکرێت سێ کەس توشی زنجیرەی نوێی کۆرۆنا بووبن

فۆتۆ: 
2021-02-23

10983 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی راگەیاند، سێ کەس بە گومانی توشبوونیان بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکنینیان بۆ کراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن.


ئومێد عەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "شەوی رابردوو، سێ کەس گومانی توشبوونیان بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێکراوە."

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار دەشڵێت، "ئەو سێ کەسە گومان لێکراوە رەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا کراون و پاش پشکنین روون دەبێتەوە ئایا توشبووی زنجیرە نوێیەکەن یاخود نەخێر."

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا ١٤ حاڵەتی توشبوون بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارکراوە کە سەرجەمیان لە هەولێرن.

 

زنجیرەی نوێی کۆرۆنا، بە کەمێک جیاوازییەوە، بریتیە لە هەمان ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ساڵی رابردوو سەرەتا لە چینەوە بڵاوبووەوە و دواتر هەموو جیهانی گرتەوە.

جیاوازی ئەم زنجیرە نوێیە بریتیە لەوەی کە توانای بڵاوبوونەوەی زیاتر و خێراترە، بەڵام رێژەی توندی ڤایرۆسەکە لە باوانەکەی (کۆڤید-١٩) زیاتر نییە.