سەردێڕ:

ئەمریکا: ئەو موشەکانەی ئاڕاستەی هەولێر کران ئێران دروستیکردبوو

فۆتۆ: 
2021-02-23

2394 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو موشەکانەی لە هێرشەکەی سەر هەولێردا بەکارهێنران ،لە ئێران دروستکرابوون و لە لایەن ئێرانیشیەوە بۆ گروپە هێرشکەرەکە دابینکرابوو، پنتاگۆنیش دەڵێت، "له ‌كات و شوێنی گونجاودا وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانە‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌."


نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێران بە بەرپرس دەزانین لە بەرامبەر کارەکانی گروپە بەکرێگیراوەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان."

نێد پرایس دەشڵێت، "ئێمە لە هێرشەکەی سەر هەولێر توڕەین، کە بووە مەترسی لەسەر سەرباز و هاوڵاتیانی ئەمریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و پاراستنی سەلامەتی دامەزراوە، سەرباز و هاوڵاتییەکانیان بۆ ئەوان لە هەموو شتێک لە پێشترە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بەردەوامین لە لێکۆڵێنەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر هەولێر و وەکو پێشتر رامانگەیاندووە، ئێمە ئێران بە بەرپرس دەزانین لە بەرامبەر کردەی ئەو گروپە چەکدارانە کە هێرشدەکەنە سەر ئەمریکییەکان."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، ئەوان بە شێوەیەکی پلان بۆ دانراو لەو کات و شوێنەی، کە بە باشی دەزانن بە کۆمەڵێک رێگەی جیاوازەوە وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە، بەڵام نایانەوێت پەلەبکەن بۆ ئەوەی هیچ بیانویەک بە دەست ئێرانەوە نەدرێت تا نەتوانێت پێشێلکاریی زیاتر ئەنجامبدات و سەقامگیریی عێراق زیاتر تێکبدات.

هاوکات، جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، تا ئێستا لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر، بنکەی سەربازیی بەلەد و ناوچەی سەوزی بەغدا بەردەوامن و نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی، کە کێ لە پشتیانەوە بووە و له ‌كات و شوێنی گونجاودا وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانە‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا، چەندجارێک موشەکی جۆراوجۆر ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداکراوە و شەوی رابردووش، بەپێی راگەیەنراوی شانەی ئەمنی عێراق، دوو موشەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا كەوتوونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ قوربانییەکی لێبکەوێتەوە.

شەوى دووشەممەی هەفتەی رابردووش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەى هەولێری پایتەختی ھەرێم کران و بەهۆیانەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و چەند کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکی بوون، ھاوکات، دوێنێش یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.