ماوەیەکە، حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر جێگیرە و لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی چاکبوونەوە بە بەراورد بە رێژەی توشبوون دوو هێندەیە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێردا و لەپارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور (سێ هەزار و ٧١٩) کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەکاتێکدا لەماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێردا لە تەواوی هەر سێ پارێزگاکە و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان لە هەرێمی کوردستان (١٤٥) کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق باسی لەوەشکردووە، تەنیا ئەمڕۆ دووشەممە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق (٢٢) کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان (١) کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات، هەر ئەمڕۆش، تەندروستی هەولێر رایگەیاند، نۆ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە زنجیرەی نوێی کۆرۆنا، کە سەرجەمیان لە دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، تۆمارکردووە.