سەردێڕ:

لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری کۆتایی لەسەر پرۆسەی خوێندن دا

فۆتۆ: 
2021-02-22

164077 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کۆتایی هات و تیایدا بڕیاردرا بەوەی کە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دەسەڵات درا بە پارێزگاکانی هەرێم بە رێکخستنەوەی هاتوچۆی هەرێم و بەغدا و، دەشڵێت، "تەنها رێگە بە هاتوچۆی وەفدی حکومەت دەدرێت لە نێوان هەرێم و عێراقدا هاتوچۆ بکات". ئەوەشی خستەڕوو، دەوامی خوێندنگاکان بەردەوام دەبێت و پێویستیشە مامۆستایان و خوێندکاران پابەندی ڕێنمایییە خۆپارێزییەکان بن".

لە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ناوخۆ لە کۆبوونەوەدا بوون.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد، پێویستە هەموو هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەکانی تەندرووستی خۆپارێزی بن و دەشڵێت، "وەزارەتی ناخۆ بەرپرسە لە سزادانی ئەو کەسانەی کە پابەندی رێنماییەکان نابن".

جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت، چونکە لەماوەی چوار هەفتەی ڕابردوودا رێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزبوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ژووری ئەنجومەنی پارێزگاکان ڕاسپێردراون بەوەی چاودێری پرۆسەی دابەشکردنی موچە بکەن، بەمەبستی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم ئەوەی خستبووەڕوو، کە ئەوان پێشنیازی کەرەنتینەکردنەوەی هاوڵاتیانیان نەکردووە، بەڵام پێشنیازیان کردووە یان سنورەکان دابخرێن یان هاتنی گەشتیار و هاوڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق سنوردار بکرێت.

لە رۆژی ٣ی ئەم مانگەدا، کاتێک بڕیاری کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن درا وەزیری پەروەردە رایگەیاند، "کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بەشێوەی ئەزموونی دەبێت و دوای ١٦ رۆژی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی ناوەندەکانی خوێندن دەکەین و ئەگەر دۆخەکە خراپ بوو، بە بڕیارەکانماندا دەچینەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکرد و کاتژمێری ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆتایی هات.