لە چوارچێوەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاراندا، حکومەتی عێراق چەکێکی بە بڕی ٢٦٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نارد و بەوەش، جوتیاران ٥٠%ی پارەی ساڵانی (٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦) وەردەگرن.
ئومێد محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە پێی راگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، چەکێکیان بە بڕی ٢٦٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە تا جوتیاران پارەی ساڵانی (٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦) وەربگرن.
راشیگەیاند، بەو بڕە پارەیە، جوتیارانی هەرێمی کوردستان ٥٠%ی پارەی ساڵانی (٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦) وەردەگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە لە قۆناغەکانی داهاتوودا پێیان دەدرێت.