پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە گەڕەکی ٩٢ی شاری هەولێر ئاگر لە ماڵێک کەوتووەتەوە، ئەگەرچی پێنج ئەندامی خێزانێک لە ماڵەکەدا بوون، بەڵام رزگارکراون و لە ئێستادا تیمەکانی بەرگری شارستانی خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
هێرش قادر، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بە وتەی شایەتحاڵێک کە خۆی دەرگا و پەنجەرەی شکاندووە بۆ رزگارکردنیان، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە لە رێگەی زۆپایەکی کارەبایی.
ساڵانە دەیان رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو ماڵەکاندا لە هەرێمی کوردستان روودەدەن و دوو رۆژ لەمەوبەریش، لە قەزای سەیدسادق، پیاوێکی نەخۆشی سەرجێگا سوتا چونکە ئاگر لە ماڵەکە کەوتبووەوە لەکاتێکدا هیچ کەسێک لە ماڵەوە نەبووە بۆ هاوکاریکردنی.