یاریدەدەرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم بۆ کاروبارى وەبەرهێنان و راژەى گشتى رایگەیاند، هەرێمى کوردستان نزیکە لە رێککەوتنێکى باش لەگەڵ بەغدا، کە لە بەرژەوەندى هەردوولادا بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، رێباز حەملان یاریدەدەرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان لە بەرنامەى بازنەى سورى ئێن ئاڕ تى کە سبەى شەو کاتژمێر ٩ بە کاتى هەولێر پەخشدەکرێت باسى لەوەشکرد، بەپێى ئەو قسانەى کە لەگەڵ شاندى هەرێم کردوویەتى و هەروەها هەندێک پەیوەندى دیکەى خۆى، ئەو هیواى زۆرە، کە بەغدا و هەرێم بگەنە رێککەوتن.
رێباز حەملان ئاماژەى بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەى دەستورى عێراقدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێککەوتن لەسەر کۆى پرۆسەى دانوستانەکان، چونکە ئەوە تەنیا بودجەى گشتى ناگرێتەوە، بەڵکو چەندین بابەتى وەک ناوچە جێناکۆکەکان و گەنمى جوتیاران و پێشمەرگە و بودجەى سیادى دەگرێتەوە.