سەردێڕ:

سیروان بارزانی: حەوت هەزار چەکداری داعش لە عێراقدا هەن

فۆتۆ: 
2021-02-21

6697 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی میحوەری مەخمور - گوێڕی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، زیاتر لە حەوت هەزار چەکداری سەر بە گروپی چەکداری داعش لەعێراقدان و بەنیازن لەکاتی سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ریزەکانیان رێکبخەنەوە.


سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری مەخمور - گوێڕی هێزەکانی پێشمەرگە لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ گۆڤاری تایمزی بەریتانی باسی لەوەکردووە، کە گروپی چەکداری داعش هێشتاش مەترسییەکی جددیە بۆسەر عێراق و تەواوی جیهان.

سیروان بارزانی باسی لەوەشکردووە، لەدوای تێکشکانی هێزەکانیان، لە ئێستادا و بەسوودوەرگرتن لە بارودۆخی تەندروستی و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، گروپی چەکداری داعش سەرقاڵی رێکخستنەوەی ریزەکانیانن بەشێوەیەکی خێرا.

لەوبارەیەشەوە، وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بۆ ئەو رۆژنامە بەریتانییە هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەکردووەتە سەر چالاکیی و هەڵمەتەکانیان دژ بە گروپی چەکداری داعش.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای روبەڕوبوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانیش، ژمارەی چەکدارانی داعش بە ١٠ هەزار چەکدار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمرکا، ژمارەی چەکدارانی ئەو گروپە چەکدارییە بە ١٤ تا ١٦ هەزار چەکدار لە عێراق و سوریا دەخەمڵێنن.

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراق سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریادا گرت، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا هێزە سەربازییەکانی عێراق سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپەدا راگەیاند.