سەردێڕ:

لەبارەی داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنەوە روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-02-21

83713 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێک بۆ داخستنی ناوەندەکانی خوێندن بە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکانیشەوە نییە.


عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ خوێندکاران دەڵێت، "چەند رۆژێکە گوێبیستی داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان دەبن، دڵنیاتان دەکەمەوە تا ئێستا هیچ پێشنیازێکی لەمجۆرە نییە نە لە وەزارەتی تەندروستی و لە لیژنەی پەروەردە و نە لەوەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان کە داوای راگرتنی پرۆسەی خوێندن بکات".

دەشڵێت، ئەوەی لەسەر هەموو لایەک پێویستە خۆپارێزی و پابەندییە بە رێکارە تەندروستییەکان، "ئێمە لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بەوپەڕی پەرۆشییەوە مەبەستمانە قوتابیان خوێندنیان نەفەوتێت و زۆرترین سوود وەربگرن، ئەگەر حاڵەتیش بگاتە رێژەیەکی مەترسیدار ئەو کات قسەیەکی دیکەیە و لیژنەی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بە رەچاوکردنی دۆخەکە بڕیاردەدات".

ئەگەرچی نزیکەی ١٥ رۆژە دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا دەنگۆیەک هەیە کە حکومەتی هەرێم بە بیانوی بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، جارێکی تر پرۆسەی خوێندن بووەستێنێت.