سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕێدەکەین عەمار حەکیم پشتیوانی کورد بکات

فۆتۆ: 
2021-02-21

3634 جار خوێندراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕانی ئەوە لە عەمار حەکیم و بنەماڵەی ئال حەكیم و بەیتی شیعی دەکەن کە پشتیوانی گەلی کورد بکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمێکدا بۆ ساڵیادی محەمەد باقر حەکیم باسی لەوەکرد، لە دوای شەڕی داعش بارودۆخێكی نەخوازرا و دروستبووە، "واقیعی پەیوەندییەكانی نێوانمان بە دڵی ئێمە نییە، بێگومانین كە بە دڵی زۆر لە برایانمان لە لایەنەكانی شیعەش نییە".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە جارێكی دیكە، دەبێت لایەنەکانی عێراق راشكاوانە پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەن. وتیشی، "بنچینەی گفتوگۆكانیشمان ئەوەبێت، كێشەی هیچ نەتەوە و پێكهاتەیەكی عێراق نابێتە مایەی سەركەوتن بۆ پێكهاتەیەكی دیكەی عێراق".

سەرۆکی هەرێم لەچوارچێوەی قسەکانیشیدا ئەوەی خستەڕوو، "هەردوو پێكهاتەی عەرەبیی عێراقیش لە سوننە و شیعە، دەزانن هیچ یەكێكیان بە تەنیا و هەردووكیشیان بەبێ كورد ناتوانن هاوسەنگی دروستبكەن".

جەختیکردەوە، "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی راشکاوانە بكەین بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، لێرەشەوە ئەو بانگەوازە ئاراستەی هەموو لایەنە عێراقییەكان دەكەین كە دەستپێبكەین".

دوێنێ، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەڕێوەچوونی رۆژی شەهیدی عێراق گەیشتە شاری سلێمانی و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ناکرێت موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێ موچە بن و بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە موچەکانیان دوابکەوێت."