سەردێڕ:

وێنە.. رووداوێکی هاتوچۆ لە هەولێر حەوت قوربانی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2021-02-21

10352 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو رووداوێکی وەرگەڕان بەهۆی تیژڕەوییەوە لە هەولێر روویدا و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون، دەشڵێت، "بەو خێرایی رۆیشتنە تەنها پێنج خولەک زووتر دەگەیتە شوێنەکە."


فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی راگەیاندنی ئەو رووداوی هاتوچۆیەی بەوە دەستپێکردووە کە دەڵێت، "کارەسات لەدوای کارەسات؛ هۆکارەکەش یەک شتە ئەویش تیژڕەوییە."

فازڵ حاجی لەبارەی وردەکاری رووداوەکەوە گێراویەتییەوە، "شەوی رابردوو لە کاتژمێر ١٢ی شەودا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری شۆفرلێت بەرزی تایبەت؛ لەشەقامی هەولێر-خەبات لەپشت ١٢٠ مەتری بەهۆی خێرایی زۆرەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بەرەو دوورگەی ناوەندی شەقام چوو و دواتر خۆی کێشا بەستونێکی کارەبادا و بەردەوام بوو لەسەر رۆیشتن لەنێوان دارەکانی جوانکاری شەقام تاکو گەیشتووەتە ستونێکی دیکەی کارەبا ئەویشی خستووە، دواتریش پەڕیوەتەوە بۆسایدی هاتن بۆ هەولێر و پاش کەمێک رۆیشتن جارێکی دیکە بەسەر دوورگەی ناوەند کەوتووەتەوە ئینجا وەستاوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەئەنجامی ڕوداوەکەش دوو منداڵ کەسەرنشین بوون گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی تریش برینداربوون کە دایک و باوک و خوشک و برای یەکتربوون و زیانێکی زۆری مادیش کەوتەوە."

فازڵ حاجی دەڵێت، "دوورترین کۆتایی کە ئەو رێگایە بتگەیەنێتە قەزای خەبات کە ٤٠ کیلۆمەترە، کە ئەگەر بەخێراییەکی ئاسایی بۆی بچیت بەماوەی نیو کاتژمێر پێی دەگەیت و ئەگەر بەخێرایی سەر و ١٢٠ کم/س بڕۆیت لەوانەیە پێنج خولەک گل بدەیتەوە."

دەشپرسێت؛ "باشە زووتر گەیشتن بە پێنج خولەک ئەوە دەهێنیت ئەو هەمو کارەساتەی بۆ بنێیتەوە؟ ئەوە دەهێنێت مناڵەکانتی بۆ بکەیتە قوربانی؟ ئەو دووپرسیارە تەنها بۆ ئەو باوکە نییە کە ئەو کارەساتەی نایەوە، بەڵکو بۆهەموانە."

رووداوی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان لە هەرێم دادەنرێت، کە بەشێکی هاوڵاتیان هۆکارەکەی بۆ خراپی رێگەوبانەکان و بەشێکیان بۆ تیژڕەویی و ئارامنەگرتنی شۆفێران دەگەڕێننەوە، لە بەرامبەردا بەرپرسانی هاتوچۆش هۆکارەکەی بۆ پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و تیژڕەویی دەگەڕێننەوە.

 

May be an image of car and outdoors
May be an image of outdoorsMay be an image of outdoors