سەردێڕ:

ئەمڕۆ دوو دەروازەی سنوری نێوان هەرێم و ئێران دادەخرێن

فۆتۆ: 
2021-02-21

7202 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان رایگەیاند، لە دوێنێ کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆوە مەرزی پەروێزخان بەرووی گەشتیاراندا داخراوە کە گەشتە بارزگانییەکان ناگرێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ، دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش بەرووی گەشتیاراندا دادەخرێت، کە سەرجەم داخستنەکانیش پەیوەندییان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە.


عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو راگرتنی گەشتە جموجوڵە بارزگانییەکان ناگرێتەوە و تەنها ئەو گەشتیارانەشی کە هی وڵاتی بەرامبەرن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان دەتوانن بە دەروازەکەدا تێپەڕن.

پێشتریش، عەباس ئیسماعیل بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی پەروێزخان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، "لەلایەن ئێرانەوە ئاگادارکراوونەتەوە، کە دەروازەکە لە رووی گەشتییارییەوە دادەخرێت."

وتیشی، دیارنییە کەی دەروازە سنورییەکە بە رووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە، داخستنەکەش پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی کۆرۆناوە هەیە.

هاوکات، دوێنێ شەممە، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە، حکومەتی ئێران بڕیاری داوە سبەی یەکشەممە ٢١ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە رووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە رۆژی پێنجشەممەی رابرووەوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە، دوێنێش، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "پێشنیازمان کردووە یان سنورەکان دابخرێن یان بۆ هاتنی گەشتیار و هاوڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق سنوردار بکرێت."