سەردێڕ:

ئیسرائیل هۆشداریی دەدات لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران

فۆتۆ: 
2021-02-21

1417 جار خوێندراوەتەوە

ئیسرائیل هۆشداریی دەدات لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و دەڵێت، ئەو هەنگاوە ئێران دەکاتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.


رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە، بێنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەى رێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

نیویۆرک پۆست ئاماژەى بەوەشکردووە، ئیسرائیل و ئەمریکا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی رێگابگرن لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، بەپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا هەوڵدەدات، کۆبوونەوەیەکی نافەرمی لە نێوان ئەو وڵاتانە سازبکات، کە واژۆیان لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کردووە.

هەر چەندە بەرپرسانی ئەمریکا ئامادەییان نیشانداوە بۆ گەڕانەوەی سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەرێگای دیبلۆماسییەوە، بەڵام بەرپرسانی تاران پێش ئەو هەنگاوە داوای هەڵگرتنی سزاکان دەکەن.

دووهەفتە لەومەبەر، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی ئێران رێزی پابەندییەکانی خۆی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی نەگرتووە، ئەوا سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵناگرن، وتبووشی، ئەگەر ئێران پرۆسەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم رابگرێت، ئەوا دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان.

رێککەوتنامەی JCPA کە بە رێککەوتنامەی (ئەتۆم)ی ناسراوە و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٥، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لە نێوان هەریەک لە چین، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا لەلایەک و ئێرانیش لەلایەکی ترەوە واژۆکرا، ئامانج لە رێککەوتنەکەش سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێانی چەکی ئەتۆم بوو لەلایەن ئێرانەوە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ـدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلایەننانە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنامەکە و سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەلایەن ترەمپەوە، ئێران بەشێکی زۆری بەندەکانی رێککەوتننامەکەی شکاند، بەڵام دەسەڵاتدارانی تاران رایانگەیاندووە، ئێران پابەند دەبێت بەسەرجەم بەندەکانی رێککەوتنەکەوە ئەگەر واشنتن سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.