سەردێڕ:

لە سلێمانی لە وەرگەڕانی پاسێکی هێڵی گشتیدا شەش کەس برینداربوون

فۆتۆ: 
2021-02-21

7558 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل پاسێکی نەفەرهەڵگر لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود نزیک بەنزینخانەی بینایی، که قوتابیشی تێدابوو، وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٧:٤٠ خولەکی بەیانی، پاسێکی نەفەرهەڵگر لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود نزیک بەنزینخانەی بینایی، که قوتابیشی تێدا بووە  وەرگەڕاوە.

هاتوچۆی سلێمانیش رایگەیاند، کە رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا بووە و ئۆتۆمبێلی یەکەم لە جۆری کامری بەهۆی تیژرەوییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە پاسێکی نەفەرهەڵگردا و بووەتە هۆی وەرگەڕانی پاسەکە.

لەو بارەیەشەوە، حەمەسەعید ئەمین بەرپرسی هێڵی پاسەکانی کانی کوردە- ناوشار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە پاسەکە بە چەند نەفەرێکەوە لە شوێنی وەستانی پاسەکانیانەوە بەرەو کانی کوردە رۆیشتووە.

هاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ماوەیەک هاتوچۆ لەسەر ئەو شەقامە سەرەکییەی سلێمانی پەکی کەوتووە، بەڵام دواتر هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە.