سەردێڕ:

بە کاتیۆشا هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

فۆتۆ: 
2021-02-20

8608 جار خوێندراوەتەوە

بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین، کە هێزەکانی ئەمریکا تیایدا جێگریکراون بە سێ کاتیۆشا هێرشی کرایەسەر و ئەفسەرێکی خانەنشینی سوپای عێراقیش بریندارکرا. ​


سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین، کە هێزەکانی ئەمریکا تیایدا جێگریکراون بە سێ کاتیۆشا هێرشی کرایەسەر و ئەفسەرێکی خانەنشینی سوپای عێراقیش بریندارکرا.

سەرچاوەکەی ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ئەفسەرە خانەنشینە کاری بۆ کۆمپانیای سالی پرۆتی ئەمریکی کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، بە موشەک هێرشکرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دواتر گروپی 'سرایا أولیاء الدم' ئەنجامدانی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایانگەیاندبوو، "سەرجەم هاوڵاتیان و سەربازیی گەلى کورد برا و خۆشەویستمانن، جگە لە بنکە سەربازییەکانی داگیرکەران هیچ شتێکى تر ناکەینە ئامانج."

 

هاوکات، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، جەختی لە پابەندبوونی ئەمریکا بە لەناوبردنی داعش و رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراق و سەقامگیریی درێژخایەنی ناوچەکە کردەوە.