سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم: هەندێک لایەن دەیانەوێت رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا بەرن

فۆتۆ: 
2021-02-20

18432 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، نەرمى زۆر باشیان نواندووە تاوەکو لەگەڵ حکومەتى عێراق بگەنە رێککەوتن و لەوبابەتەشدا زۆر جدیین، بەڵام بابەتێکی ئاڵۆزە، دەشڵێت، "هەندێک لایەن دەیانەوێت رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا بەرن."


جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە میدیاکانى پارتى راگەیاندووە، "ئێمە وەک حکومەتى هەرێم لەگەڵ حکومەتى عێراق لەبارەى بودجەوە پێشتر رێککەوتوین لەو رێککەوتنەشدا بڕگەیەکى تێداییە، کە هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات یان داهاتى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتى ناوخۆ بداتە بەغدا."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حکومەتى هەرێم نەرمى زۆر باشى نواندووە، تاوەکو لەگەڵ حکومەتى عێراق بگاتە رێککەوتن بۆ ئەو مەبەستەش زۆر جدییە، بەڵام لە راستیدا تا ئێستا بابەتێکى ئاڵۆزە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "هەندێک هێز و لایەن هەوڵیانداوە رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاڕاستەیەکى دیکە ببەن و بەغدا داواى گرەنتىان کردووە لە هەرێم بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی هەردوولا و ئێمەش بە هەمان شێوە داواى گرەنتى پابەندبونى ئەوانمان کردووە".

جوتیار عادل دەشڵێت، "لەم رۆژانەدا جارێکی دیکە شاندى هەرێم سەردانى بەغدا دەکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنى ئەو بابەتانەى لە نێوان هەردوولادا ماوەتەوە، بە تایبەت وەکو پشکى هەرێم لە بودجەى گشتى عێراقدا و گرفتى سەرەکى رێکنەکەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا تاوەکو ئێستا بریتی بووە لە نەبوونى متمانە لە نێوان هەردوولادا ".

 

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا، شاندی هەرێم چەندینجار سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حزبیدا كۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا یەكلابكرێتەوە.