پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، سیستمی لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات و دەرفەت دەداتە هەمو لایەک بەشداریی بکات لە بەڕێوەبردنی وڵات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى لەمیانى بەڕێوەچونی کارەکانی دیداری سلێمانی بۆ لامەرکەزی رایگەیاند، "سیستمی لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات و دەرفەت دەداتە هەمو لایەک بەشداریی بکات لە بەڕێوەبردنی وڵات و کێبڕکێ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت لە نێوان شار و پارێزگاکان دروست بکات."
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، "سیستمی لامەرکەزی وادەکات لەناوەوە هەموو کەس لە بەڕێوەبردنی حکومەت بەشداریی بکات و هەموو تواناکان بەگەڕبخات، کێڕکێ لە نێوان شارەکان دروستبکات، بۆ ئەوەی باشترین بەرەوپێشچون و پەرەپێدان دروستببێت".
ئاماژەى بەوەشکرد، "هەموو لایەکمان پشتیوانی له لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی دهكهین بەمەبەستی ئەوەی داهات و دەسەڵات لەسەر بنەمای ئەرک و بەرپرسیارێتی دابەشبکرێت بەپێی تایبەتمەندی یەکە کارگێڕیی و ئیدارییەکان و سوود وەرگرتن لەو سەرمایە مرۆیی و سروشتییەی هەیە".
ئەوەشى خستەڕوو، "لامەرکەزی بۆ ئەوەیە دسەڵاتدارێتی بەرەو دەوڵەتداری و حکومڕانی راستەقینە ببات، رۆتین کەمبکاتەوە، شەفافیەت و لێپرسینەوە زیادبکات، له رێی لامهركهزیهتهوه قەوارەی هەرێم پتەو و بەهێز دەبێت."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکە بەشێک لە هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکانی سنورى پارێزگاى سلێمانى داوا دەکەن سیستمى لامەرکەزى پەیڕەو بکرێت و دەڵێن، بەمەبەستیان زیاتر خزمەتکردنى هاوڵاتیانى سنورەکەیە.