سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی: جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە

فۆتۆ: 
2021-02-20

24985 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، "لە ئێستادا پێنج حاڵەتی گومانلێکراوی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا هەیە، بە ئامێری تایبەت دڵنیادەکرێتەوە و رایدەگەنین کەوا جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە".


وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەبارەت بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەموو پێداویستیەکانی دەستنیشانکردن لە ئامێری تایبەتمەند و تێستی تایبەت بەم ڤایرۆسە دابینکراوە.

دەشڵێت، وەزیری تەندروستی، تەندروستی پارێزگا و ئیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری تەواو بۆ پشکنین لە بازگەکان و تێستکردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی فڕۆکەخانەکان و بەدواداچوونی بەرکەوتەکانیان و رووپێوکردنیان و هەماهەنگیکردن لەنێوان تاقیگەکانی تەندروستی گشتی لە پارێزگاکان بۆ ئاڵوگۆڕی شێوازی کارکردن و دەستنیشانکردن و هاوکاریکردن لە پێداویستییەکان.

باسی لەوەشکردووە، هەروەها راسپێردراون بۆ چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی بۆ خۆپارێزی لەلایەن هاوڵاتیان و پتەوکردنی زیاتری رێکارەکان و پێداویستیەکانی چارەسەری لە نەخۆشخانەکان".

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، "تا ئێستا لە رووی خۆپارێزی و پڕۆتۆکۆڵی چارەسەری هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID19 بەڵام بە هەستیارییەوە چاودێری ئەم ڤایرۆسە دەکەین".

ئەوەش دەڵێت، کە ئامادەکاری تەواو هەیە بۆ هەر رێکارێک کە بڕیاری لێ بدرێت بۆ پشکنینی هەرکەسێک کە لە پارێزگاکانی تری عیراق روو لە هەرێم دەکەن.