سەردێڕ:

رۆیتەرز: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی شوێنەواری یۆرانیۆمی لە ئێران دۆزیوەتەوە

فۆتۆ: 
2021-02-20

1426 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند دبلۆماتکارێکی نێودەڵەتییەوە بڵاویکردەوە، لە ساڵی رابردوودا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوو شوێن لە ئێران شوێنەواری یۆرانیۆمیان دۆزیوەتەوە پاش ئەوەی بۆ چەند مانگێک ئەو وڵاتە رێگەی نەدا چاودێرە نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان راپەڕێنن.


دبلۆماتکارەکان ئەوەشیان ئاشکراکرد، ئاژانسەکە بەنیازە گازندەکانی خۆی ئاراستەی ئێران بکات لەبارەی شاردنەوەی راستییەکان لە کاتی پێدانی روونکردنەوە لە بارەی دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لەو دوو شوێنەدا، ئەمەش هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ جوڵەپێکردن و گەڕانەوەی بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئاڵۆزتر دەکات.

دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆمەکە لە مانگی ئاب و ئەیلولی ساڵی رابردوودا بووە پاش ئەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ ئێران رێگەی نەدا چاودێرە نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان راپەڕێنن.

چوار لە دبلۆماتکارەکان ئەوەیان خستەڕوو، ئەو ماددەیەی دۆزراوەتەوە بریتی بووە لە نمونە "سامپڵ"ی یۆرانیۆم. هاوکات، دوو دبلۆماتکاری دیکە باسیان لەوەکرد، کە یۆرانیۆمەکە پیتێنراو نەبووە.

بەگوێرەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، یەکێک لەو دوو شوێنەی یۆرانیۆمەکەی تێدا دۆزراوەتەوە بەکارهێنراوە بۆ گۆڕینی یۆرانیۆم، ئەمەش هەنگاوێکە پێش پیتاندانی ئەنجامدەدرێت. بەڵام شوێنەکەی دیکە بەکارهێنراوە بۆ تاقیکردنەوەی تەقاندنەوەی یۆرانیۆمەکە.

 

سەرەڕای ئەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن، یۆرانیۆمە دۆزراوەکان پیتێندراو نەبوون، بەڵام ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران رانەگەیاندراون و ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە ئێران نیازی پاک نییە.

هاوکات، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، "شتێکمان نییە بیشارینەوە، هەربۆیە رێگەمانداوە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان سەردانی ئەو دوو شوێنە بکەن".

پێشبینیدەکرێت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە چەند رۆژی داهاتوودا راپۆرتی وەرزی ساڵانەی خۆی لە بارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوبکاتەوە.