فۆتۆ:
2021-02-20
59788 جار خوێندراوەتەوە
فازڵ حاجی وتەبێژی هاوتوچۆی هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا و لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلدا، دەرکەوتووە یەکێک لە شۆفێرەکان بە نهێنی ژنی یەکەمییەوە ژنی دووەمی هێناوە و لە نەخۆشخانە ئاشکرابووە.
فازڵ حاجی دەڵێت، لە کاتی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەکەدا، خزم و کەسی نزیکی هەردوو شۆفێرەکە هاتوون بەدەمیانەوە چونکە برینداربوون تا بیانگەیەننە نەخۆشخانە، بەڵام لە پاش ماوەیەک بووەتە دەنگەدەنگ و لە سەرەتادا هەمووان وایانزانیوە یەکێک لە شوفێرەکان گیانی لەدەستداوە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە گاڵتەوە دەڵێت، "بابەتەکە لە مردن گەورەتربوو" چونکە دەرکەوت یەکێک لە شۆفێرەکان بە نهێنی ژنی یەکەمی، ژنێکی تری مارەکردووە و لە نەخۆشخانە کەتنەکەی ئاشکرابووە، چونکە هەردوو ژنەکە بۆ سۆراخی هاتبوون.
ئاماژەی بەوەشدا، پاش ئەوەی ژنی یەکەمی شۆفێرەکە بۆی دەردەکەوێت ژنی دووەمی هێناوە، دەچێتە لای شۆفێرەکەی دیکە کە ئەو هۆکاری روداوەکە بووە و پێیدەڵێت، "دەستت خۆش بێت حەیف کە هاوسەرەکەمت نەکوشت، ئەوە لۆچی باشە ئەگەر لۆ مردن نەبێت؟".
لە کۆتاییدا وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان و شۆفێران دەکات کە "ئاگاداربن کاری نهێنی نەکەن ئەگەرنا لەوانەیە بە رووداوێکی هاتوچۆ ئاشکرا دەبن".