سەردێڕ:

ئەدهەم بارزانی: هیوادارم گیراوەکانی بادینان بچنەوە باوەشی خانەوادەکانیان

فۆتۆ: 
2021-02-19

69952 جار خوێندراوەتەوە

ئەدهەم بارزانی، ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هیوادارە ده‌زگای داد له‌ كوردستان، به‌ بڕیاری سزادانی گیراوەکانی بادیناندا بچێتەوە. راشیگەیاند، " هیوادارم گیراوەکانی بادینان بچنەوە باوەشی خانەوادەکانیان".


ئەدهەم بارزانی جگە لەوەی ئامۆزای مەسعود بارزانیە، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیش بوو لە سلێمانی، لە پەیامێکدا لە فەیسبووکی خۆی دەڵێت، "هیوادارم كه‌ ده‌زگای داد له‌ كوردستان، به‌و بڕیارەدا بچێته‌وه‌ كه‌ چه‌ند گیراوێکی ده‌ڤه‌ری بادینان به‌ زیندان سزادران".

دەشڵێت، "هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازم ئه‌و پێداچوونه‌وه‌یه‌ ببێته‌ هوكارێك بۆ ئه‌وه‌ی گیراوان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ باوه‌شی خانه‌واده‌كانیان".

هەر ئەمشەو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەک دەکات کە "رێز" لە سیستمی دادوەریی هەرێمی کوردستان بگرن "بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجامبدات".

ئەو پەیامەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانیان کردووە. راشیگەیاند، پێشتریش لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و لە داهاتووشدا دەیکەن.

لەلایەکی دیکەوە، کەسوکاری سزادراوانی بادینان لە پەیامێکدا بۆ رایگشتی رایانگەیاند، دەسەڵات بە ناڕاستەوخۆ و لەژێر ئەشکەنجەدا، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی بەزۆری کوڕە زیندانییەکانیان دەکات. دەشڵێن، ئەو کارە نائەخلاقیە رەتدەکەنەوە و بەوەش، ئەوان و خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر توڕە دەکەن.

شەوی رابردووش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی راگیراوەکانی بادینان نيگه‌رانى دروستکردووە، بەڵام دوابڕیار نییە. وتیشی، "هیچ کەس و لایەنێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە".

رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگای تاوانی هه‌ولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەبڕیارێکی نادادپەروەری دەزانن.