سەردێڕ:

ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق زیاد دەکات

فۆتۆ: 
2021-02-19

2383 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداری لە بەهێزکردنی کارەکانی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق دەکات و لەوبارەیەوە، ژمارەیەک سەربازی دیکە رەوانە دەکات.


جێسیکا ماکنولتی، وتەبێژی پنتاگۆن بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، وەکو پاڵپشتییەك بۆ کارەکانی هێزەکانی ناتۆ و هێزە عێراقییەکان، ئەمریکا دەرگای زیادکردنی هێزەکانی لە عێراق دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، مەبەست لەو بڕیارەیان دڵنیابوونە لە سستکردنی چالاکییەکان و خۆڕێکخستنەوەی داعش و سەرجەم گروپە توندڕەوەکان.

لەلایەکی دیکەوە، لوید ئۆست، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی هەولێر ئاماژەیەکە بۆ فراوانکردنی کارەکانیان لە ناوچەکەدا.

دوو رۆژ لەمەوبەریش، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا مافی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی هەیە.

هاوکات، ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، هاوپەیمانیەتییەکەیان بڕیاریداوە ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق لە ٥٠٠ سەربازەوە بگەیەنێتە پێنج هەزار سەرباز.

شەوى دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەى هەولێر کران و بەهۆیانەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.