سەردێڕ:

وەزیری کشتوکاڵی عێراق: لە هەرێمەوە مریشکی ماوەبەسەرچوومان بۆ دێت

فۆتۆ: 
2021-02-19

92358 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە تورکیاوە مریشکی ماوەبەسەرچوو بۆ هەرێمی کوردستان دێت و لەوێش رێککەوتەکەی نوێدەکرێتەوە و رەوانەی ناوچەکانی عێراق دەکرێت. وەزیرە عێراقییەکە ئەو پرۆسەیە بە گواستنەی "کۆرۆنای نوێ" بۆ وڵاتەکەی ناودەبات.


ئەمشەو هەینی، محەمەد خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، نرخی راستەقینەی مریشک بریتیە لە هەزار و ٧٥٠ دینار، بەڵام لە هەرێمی کوردستانەوە بە هەزار و ٢٥٠ دینار دەدرێت بە شارەکانی عێراق.

راشیگەیاند، ئەو مریشکە لە بنەڕەتدا لە تورکیاوە کە دێت ماوەکەی بەسەرچووە، "بەڵام لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی لە رێککەوتەکەیدا دەکرێت و رێککەوتی نوێی لەسەر دەنوسرێت و دواتریش رەوانەی ناوچەکانی عێراق دەکرێت".

وتیشی، لە راستیدا کۆرۆنای نوێ و رووخێنەری ئابوری وڵات و مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان ئەو مریشکە ماوەبەسەرچووانەیە "کە لە هەرێمەوە رەوانەی عێراق دەکرێت".

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستانەوە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی وەزیری کشتوکاڵی عێراقی نەداوەتەوە.

ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستانیش دەنگۆی گۆڕینی رێککەوتی سەر کارتۆنی مریشک و هەندێک خواردن و شتومەکی دیکە لە ئارادایە، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی سەد لە سەد راستیی ئەو دەنگۆیانە پشتراست نەکراوەتەوە.