سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: داوا لە هەموولایەک دەکەم رێز لە سیستمی دادوەریی هەرێم بگرن

پاش پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
فۆتۆ: 
2021-02-19

70476 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەک دەکات کە "رێز" لە سیستمی دادوەریی هەرێمی کوردستان بگرن.


ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی رایگەیاند، داوا دەکات رێز لە سیستمی دادوەریی هەرێم بگیرێت "تاوەکو بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات".

ئەم پەیامەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانیان کردووە. راشیگەیاند، پێشتریش لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و لە داهاتووشدا دەیکەن.

لەلایەکی دیکەوە، کەسوکاری سزادراوانی بادینان لە پەیامێکدا بۆ رایگشتی رایانگەیاند، دەسەڵات بە ناڕاستەوخۆ و لەژێر ئەشکەنجەدا، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی بەزۆری کوڕە زیندانییەکانیان دەکات. دەشڵێن، ئەو کارە نائەخلاقیە رەتدەکەنەوە و بەوەش، ئەوان و خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر توڕە دەکەن.

شەوی رابردووش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی راگیراوەکانی بادینان نيگه‌رانى دروستکردووە، بەڵام دوابڕیار نییە. وتیشی، "هیچ کەس و لایەنێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە".

رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگای تاوانی هه‌ولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەبڕیارێکی نادادپەروەری دەزانن.