باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانیان کردووە. دەشڵێت، پێشتریش لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەشڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ راگەیاندکاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیش دەبێت لەسەری".
باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆمەڵگا دیموکراتیەکان رێز لە ئازادیی رادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای راگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوه".
لەلایەکی دیکەوە، کەسوکاری سزادراوانی بادینان لە پەیامێکدا بۆ رایگشتی رایانگەیاند، دەسەڵات بە ناڕاستەوخۆ و لەژێر ئەشکەنجەدا، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی بەزۆری کوڕە زیندانییەکانیان دەکات. دەشڵێن، ئەو کارە نائەخلاقیە رەتدەکەنەوە و بەوەش، ئەوان و خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر توڕە دەکەن.
شەوی رابردووش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی راگیراوەکانی بادینان نيگهرانى دروستکردووە، بەڵام دوابڕیار نییە. وتیشی، "هیچ کەس و لایەنێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە".
رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگای تاوانی ههولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەبڕیارێکی نادادپەروەری دەزانن.