سەردێڕ:

لەمەودوا؛ کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کۆمەڵی دادگەریی کوردستانە

لە کۆنگرەی چوارەمیدا ناوی خۆی گۆڕی
فۆتۆ: 
2021-02-19

52172 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی دانیشتنی دووەمین رۆژی کۆنگرەی چواره‌می کۆمەڵی ئیسلامیی، ئەندامانی کۆنگرە به‌ زۆرینه‌، دەنگیاندا بە گۆڕینی‌ ناوی حزبەکە لە (کۆمەڵی ئیسلامیی) بۆ (كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان).


له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستاندا بڕگه‌یه‌كی یاسایی هه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیدا، به‌و په‌یڕه‌وه،‌ حزبەکە پرسی گۆڕینی ناوه‌كه‌ی خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵ بەشێوەیەکی چڕ تاوتوێی گۆڕینی ناوی حزبەکەیان كرد، له‌ ئه‌نجامدا به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ناوی حزب له‌ (كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) بۆ ( كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان) (جماعة العدل الكردستانیة/ العراق) گۆڕدرا.

کۆمەڵی ئیسلامی کە ئێستا بە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گۆڕدراوە، لە ٣١ی حوزەیرانی ٢٠٠١ دامەزراوە و لە خولی دووەمی پەرلەمانەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردووە. لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە ١٠٩ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەو رێژە دەنگەش کۆمەڵ بووە خاوەنی حەوت کورسی، یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنگرەکەشیان ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ و کورسییەکانیان زیادبکەن.