سەردێڕ:

دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-02-19

32293 جار خوێندراوەتەوە

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "لە هەرێم لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا و لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان."


دژەتیرۆری کوردستان دەشڵێت، "بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتکار و سیخوڕان دەکەن بەرگریتان لە خاک و نیشتمان و مافە نەتەوەییەکان بکردایە ئێستا بارودۆخەکە بە جۆرێکی تر بۆ هەمووان باشتر دەبوو."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بریاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حکوومییەکان دەستگیر بکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکاربهێنن، لەکاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندنی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە."

 

دەقی راگەیەنراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان:

یاسا لە پێداویستییە بنچینەیییەکانی سیستەمی حکومڕانییە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و رێگەگرتن لە ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی

لە هەموو وڵاتێک داڕیژەرانی یاسا بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەبەرچاو دەگرن و نەتەوە و نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی لە سەرو هەموو شتێکەوەیە، ئیدی یاسا دەبێتە بنەمای حکومڕانی و لەو چوارچێوەیەدا کار دەکرێت

لە حکومەتەکانی دونیا ئەو گروپ و رێکخراوانەی کە مایەی مەترسین و دژی بەرژەوەندییەکانیانن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئاژەوەگێڕی بۆیان لە چوارچێوەی یاسادا دەستنیشانیان دەکەن و لە لیستی تیرۆردا پۆلێنیان دەکەن، ئەگەر چاوێک بە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهاندا بخشێنین، ئەوا ناوی سەدان رێکخراو و گرووپ و کەسایەتی دەبینین، نموونە: لە ئیسڕائیل حیزبوڵڵا گرووپێکی تیرۆریستییە، لە تورکیا پەکەکە و فەتحوڵڵا گویلەن لە لیستی تیرۆردان، لە ئێران بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەهواز و موجاهیدینی خەڵق تیرۆریستن، ئەلقاعیدە و داعش لای زۆربەی وڵاتانی دونیا تیرۆریستن، کۆمەڵەی ئەبوو سەیاف لە فلیپین تیرۆریستە، فارک لە کۆڵۆمبیا تیرۆریستە و حوسییەکانی یەمەن لای سعوودییە تیرۆریستە و سوپای پاسداران و ژمارەیەک کەسایەتی رژێمی سووریا و چەندین گرووپ و رێکخراوی تر لای ئەمریکا تیرۆریستن

بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا، تێکدەرانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان

زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بریاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حکومییەکان دەستگیر بکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندنی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە

پێش چەند مانگێک بەناوی خۆپیشاندانەوە، ئاژاوەگێڕان و تێکدەران بە بەرچاوی هەموو دونیا و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانەوە بارەگای حیزبی و حکوومییان سووتاند، چەکیان بەکارھێنا، نارنجۆک و ئاڕپیچییان تەقاند، ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بریندار کران و شەھید کران

هاوکات ئەوەشمان بینی ھەندێ خۆپیشاندەر لە ئەمریکا بە بێ چەک چوونە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە واشنتۆن، نە باڵەخانەکە سووتێندرا نە خۆپیشاندەرانیش چەکیان پێ بوو، بەڵام زۆرینەیان دەستگیرکران و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و سزا دران، ئەوانەشی پەیوەندییان بەو هەوڵە هەبووە پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت تاوەکو رووبەڕووی دادگایان بکاتەوە، ئەم لێپێچینەوانە رێکاری یاساییان هەبووە و ئەمریکییەکان نەک دژی وەها بڕیارێک نەوەستانەوە بە پێچەوانەوە رێزیان لەو یاسایە گرت

لە کوردستانیش سەرەڕای ئەو ھەموو بەڵگەیە لەسەر ئاژاوەگێڕان، نا نابێت دادگایی بکرێن چونکە چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەرن! لە لایەکی ترەوە سەرقاڵی سیخوڕیکردنن بەسەر دەزگا ئەمنی و حکوومییەکانەوە کاتێکیش دەستگیر دەکرێن دەبنە رۆژنامەنووس!

هەر بۆیە لەو کاتەی کە سیخوڕ و بەکرێگیراوانی دوژمنانی هەرێمی کوردستان راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن، ئیدی دەیان کەس لە ژێر ناوی چالاکوان و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ ماسکی روویان فڕێ دەدەن و دەبنە پاڵپشتیکار و هاوخەمی سیخوڕان، ئەمەش بەر لە هەموو شتیک بۆ بنکۆڵکردنی پیشەی رۆژنامەنووسی و کاری رێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە زیانمەندی یەکەم رۆژنامەنووس و ئەو چالاکوانانەن کە پرۆفیشناڵانە کاری میدیایی و مەدەنی خۆیان دەکەن و خەڵکانی گێرەشێوێن ناوبانگی پیشەیی ئەوان خراپ دەکەن

بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتکار و سیخوڕان دەکەن بەرگریتان لە خاک و نیشتمان و مافە نەتەوەییەکان بکردایە ئێستا بارودۆخەکە بەجۆرێکی تر بۆ هەمووان باشتر دەبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە ١٦ى ئەم مانگە دادگای كەتنی سێی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی هەولێر و دهۆک دەرکرد، کە پێنج مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی سیخۆڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی دەستگیركرابوون.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داواكارە داواكاری گشتی رۆڵی خۆی بگێڕێت و لە ‌دادگای پێداچونەوەدا بڕیاری دروست بدرێت.

دوێنێش، پاش فراوانبوونى بازنەى کاردانەوەکان لەسەر بڕیارى دادگاى هەولێر بۆ سزادانى پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانى بادینان بە شەش ساڵ زیندانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند راگیراوێک دوا بڕیار نییە و سزادراوەکان دەتوانن تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن.

بەشێک لە چاودێرانیش دەڵێن، وتەکانی سەرۆکی هەرێم ئاماژەیەکە بۆ ئەگەری بەربوونی سزادراوەکان چ لە رێی قۆناغی داهاتوو، کە دادگای پێداچونەوەیە ماوە یاخود لە رێی بڕیارى لێخۆشبونیان کە سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیارى لێخۆشبونی هەیە.