سەردێڕ:

ئەمریکا: ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ ناو رێککەوتننامەی ئەتۆمی

فۆتۆ: 
2021-02-19

1427 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لە کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەندامی رێککەوتننامەی ٥+١ لەگەڵ ئێران بەشداری بکات.


نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بانگهێشتی نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی رێککەوتنامەی ٥+١ بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێگەچارەیەکی تایبەت بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی قبوڵکردووە.

لە پاش کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی هەر چوار وڵاتی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، لەبارەی پرسی ناوەکی ئێران لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران كردووە بە تەواوی بگەڕێتەوە ناو رێککەوتننامەی ئەتۆمی و پابەندییەکانی بە رێککەوتننامەکەوە بسەلمێنێت.

هەر لەو بارەیەشەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران رایگەیاندووە، جۆ بایدن ئامادەیە لەگەڵ ئێران لەبارەی پرسی گەڕانەوەی هەردوو وڵات بۆ رێککەوتنی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥ گفتوگۆ بکات.

دووهەفتە لەومەبەر، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی ئێران رێزی پابەندییەکانی خۆی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی نەگرتووە، ئەوا سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵناگرن، وتبووشی، ئەگەر ئێران پرۆسەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم رابگرێت، ئەوا دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان.

رێککەوتنامەی JCPA کە بە رێککەوتنامەی (ئەتۆم)ی ناسراوە و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٥، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لە نێوان هەریەک لە چین، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا لەلایەک و ئێرانیش لەلایەکی ترەوە واژۆکرا، ئامانج لە رێککەوتنەکەش سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێانی چەکی ئەتۆم بوو لەلایەن ئێرانەوە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ـدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلایەننانە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنامەکە و سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەلایەن ترەمپەوە، ئێران بەشێکی زۆری بەندەکانی رێککەوتننامەکەی شکاند، بەڵام دەسەڵاتدارانی تاران رایانگەیاندووە، ئێران پابەند دەبێت بەسەرجەم بەندەکانی رێککەوتنەکەوە ئەگەر واشنتن سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.