سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی راگیراوەکانی بادینان نيگهرانى دروست کردووە، بەڵام دوابڕیار نییە. دەشڵێت، "هیچ کەس و لایەنێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه تانە لە بڕیارهكە بدهن". دەشڵێت، ئەرکی دادگایە کە بە کەیسەکەدا بچێتەوە تا هەمووان هەستبکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکردووە، جەخت لە سەروەری یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگا و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکاتەوە. ئەوەشی وتووە، "سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت".
رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگای تاوانی ههولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەبڕیارێکی نادادپەروەری دەزانن.
دەقی راگەیەنراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ڕۆژی سێشهممه 2021/2/16 بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگهرانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه تانە لە بڕیارهكە بدهن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسهكهدا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە.
لای خۆمانەوە چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.
گەلی كوردستان ههرگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه له سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگا، سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگا و دادوەرانى بهڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سهروهريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت.
داوا لە ههموو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە ڕەخنەگرتن و له دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نهكهن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سهروهريى یاسا، وا دهكات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆى، دڵنيا نهبێت. با ڕەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ ڕووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان.
نێچيرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان