سەردێڕ:

ئەمریکا بنکەیەکی دیکەی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2021-02-17

5941 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵیی سانا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا دووەمین بنکەی سەربازی لە ماوەی مانگێکدا لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکەنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵیی سانای سوریا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا دووەمین بنکەی سەربازی لەماوەی مانگێکدا لە ناوچەیەکی دوورە دەستی حەسەکە دەکەنەوە کە دەکەوێتە سنوری سوریا و تورکیا و عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ئەو بنکەیە کردووە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٠ زرێپۆش و کەلوپەلی ئەندازیاری و بیناکاری وەکو بارهەڵگر و حەفارە هێنراوەنەتەوە ئەو ناوچەیە، هاوکات دیوارێکیش بنیاتنراوە بە درێژایی کیلۆمەترێك.

ئاژانسی ناسا ئاشکراشیکرد، ئامانج لە کردنەوەی ئەو بنکەیە بۆ زیاتر پاراستنی بیرەنەوتەکانە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی سنوری ناوچەکەیە.

ئەمە لەکاتێدایە، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، سوپای ئەمریکا بنکەیەکی نوێی سەربازیی لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بونیادناوە.

تا ئێستاش، ئەمریکا لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ژمارەیەکی زۆر کێڵگەی نەوتی تێدایە، لە هەریەکە لە تربەسپی و رمەلان و چلئاغا و دێرک و گوندەواری حەسەکە بنکەی سەربازیی هەیە.