سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی پارتی: ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ مەترسین بۆ سەر هەرێمی کوردستان

فۆتۆ: 
2021-02-17

5367 جار خوێندراوەتەوە

ئیخلاس دلێمی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، ئەو ناوچانەی دەکەونە سنوری ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراقەوە، بوونەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، پێویستە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستێوەردان بکەن و "ئەو فەوزایە" کۆتایی پێبهێنن.


ئەو پەرلەمانتارە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، ئەمریکا بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتەئەستۆ چونکە هێزەکانی لەو ناوچانە کشاندووەتەوە و بەوەش، مەترسی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و شارەکانی هەرێمی کوردستان دروستبووە.

دەشڵێت، ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بوونەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چونکە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕیوەدەبرێن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە حکومەتی فیدراڵیەوە نییە.

ئەم قسانە لەکاتێکدایە، شەوى دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەى هەولێر کران و بەهۆیانەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین. لەوبارەیەوە، بە ناراستەوخۆ چەند هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی تۆمەتبارکراون.