سەردێڕ:

وەزیری بەرگری ئەمریکا: لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین

فۆتۆ: 
2021-02-16

5781 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا ئیدانەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێری کرد و رایگەیاند، "ئێمە لە پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبین تا بەرگری لە سەروەری خاکی خۆیان بکەن."


لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبارەی ئەو هێرشەوە پەیوەندی بە جومعە عینا وەزیری بەرگری عێراقەوە کردووە و پێی راگەیاندووە، "ئێمە لە پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبین تا بەرگری لە سەروەری خاکی خۆیان بکەن."

لای خۆشییەوە، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا مافی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی هەیە.

شەوی رابردوو، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بەپێی وتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کردووە، بەڵام لە ئێستادا زانیاری ورد لەسەر رووداوەکە ناخەنەڕوو.

 

لای خۆشییەوە، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی رایگەیاندبوو، "هەماهەنگی بەغدا و هەولێر بۆ رادەستکردنی تۆمەتباران بە دادگا گرنگە."

هاوکات، گروپێک بە ناوی 'سرایا أولیاء الدم'، کە بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێریان لە ئەستۆگرت لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "ویستمان بە هەندێک لە سیاسییەکانی کوردی بڵێین، کە رێگای هەڵەتان گرتووە و ئەگەر راستی نەکەنەوە، ئەوە ئێمە بەو موشەکانە راستتان دەکەینەوە کە لە هەرێم و بە تایبەت لە هەولێر خەزنمان کردوون."