سەردێڕ:

گۆڕان: بە توندی ئیدانەی هەر دەستدرێژییەک بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکەین

فۆتۆ: 
2021-02-15

3089 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "بەداخەوە ئەمشەو لەرێی چەند موشەکێک، ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر کرایە ئامانج."


دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاونیشتمانیانی هەولێری پایتەخت وەک ئەولەویەتی سیاسیی سەیر دەکەین و، بە توندی ئیدانەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین."  

ئەمشەو کاتژمێر نۆ و ٣٠ خولەک، دەنگی کەوتنەخوارەوەی ژمارەیەک موشەک لە چەند شوێنێکی جیاجیای هەولێر بیسترا و موشەکێک بەر دیواری کونسوڵخانەی چین کەوتووە و یەکێکی تر لە موشەکەکان لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتەخوارەوە. بەپێی زانیارییەکانیش دوو مووشەک ئاڕاستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا کراوە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، ئەمشەو چەند موشەکێک ئاراستەی شاری هەولێر و دەوربەریكران و بەر چەند شوێنێک کەوتن، لە ئەنجامدا بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چەند کەسێک برینداربوون، دەشڵێت، بە داواچون و لێکۆڵینەوەی ورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستیپێکردووە.

 

بەگوێرەی وتەی چەند شایەتحاڵێک، ئەمشەو کونسوڵخانەی ئەمریکا لەھەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسی لێداوە، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک موشەک لە شوێنێکی جیاجیای هەولێر کەوتنەخوارەوە.