سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران - سوریا رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی سنورێکی وشکانی هاوبەش لەگەڵ سوریادا و بەکارهێنانی خاکی عێراق، وڵاتەکەی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا لەگەڵ دیمەشق روبەڕوی چەند ئاستەنگێک بووەتەوە.
کەیوان کاشفی، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران - سوریا بە ئاژانسی فارسی راگەیاندووە، نەبوونی سنوری وشکانی هاوبەش لەگەڵ سوریادا گرفتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ دروستکردوون.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ژووری بازرگانیدا لە رێگەی لیژنەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان ئێران - عێراق و رێکخراوی دەریایی ئێران بڕیاریانداوە بە دروستکردنی هێڵێکی ئاوی لەگەڵ سوریادا.
ئاشکراشیکرد، هێڵەکە لەنێوان بەندەرعەباس و لازقییە دروستدەکرێت و کەشتییە بارهەڵگرەکان هاتوچۆی بازرگانی دەکەن لەو هێڵەدا.
کاشفی راشیگەیاند، لە ١٠ مانگی داهاتوودا یەکەمین کەشتی بازرگانی لە بەندەر عەباسەوە بەرەو لازقییە دەکەوێتەڕێ و هەموو ١٥ رۆژ جارێك هاتوچۆ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، سێ رێگا هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و سوریادا، یەکێکیان لە رێگەی وشکانییەوە لە رێگەی بەکارهێنانی خاکی عێراق، دووەمیان ئەو رێگا نوێیەکە لە بەندەر عەباسەوە بۆ لازقییە، سێیەمیان لە رێگەی بەندەری مێرسینی تورکیاوە.