سەردێڕ:

هەپەگە: تورکیا دیلەکانی خۆی کوشت

فۆتۆ: 
2021-02-14

83632 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە چیای گارە کۆتایی پێهێناوە، وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، بە راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنقەرە دانی بە شکستی خۆیدا ناوە.


وتەبێژی هەپەگە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، راگرتنی ئۆپراسیۆنەکەی گارە و لێدوانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا داننانە بە شکستی خۆیاندا لە شەڕەکەدا.

راشیگەیاند، "تورکیا ویستی لە گارە داببەزێت، بەڵام رێگامان نەدا. دواتر ویستی لە چەند خاڵێک داببەزێت، دیسان رێگامان نەدا. دواتر شوێنی بەدیلگیراوەکانی بۆردومان کرد".

لەبارەی ئەوەی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا باسی لەوەکردبوو، لە کاتی پشکنینی یەکێک لە ئەشکەوتەکاندا تەرمی ١٣ هاوڵاتی مەدەنی وڵاتەکەیان بە کوژراوی دۆزیوەتەوە، هەپەگە دەڵێت، سوپای تورکیا ئەو کەسانەیان کوشتووە کە بەدیلگیرابوون "ئەگینا دیل هەبووە لە ٢٠١٥ لەلامانە و نەمانکوشتوون".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەگەرچی تورکیا دەڵێت تەنیا سێ سەربازیان کوژراوە، بەڵام میدیاکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٣٠ سەربازی ئەو وڵاتەیان کوشتووە. هاوکات، ژمارەی ئەو گەریلایانەی گیانیان لەدەستداوە کەمترە لەو ژمارەیەی تورکیا بڵاویدەکاتەوە.