سەردێڕ:

تورکیا ئۆپەراسیۆنی چیای گارەی راگرت

فۆتۆ: 
2021-02-14

16861 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای چوار رۆژی لەسەر یەک، وەزیری بەرگری تورکیا کۆتاییهاتنی "ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ2"ی راگەیاند.


ئەمڕۆ یەکشەممە، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا ٤٨ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە و سێ سەربازی خۆیان کوژراون و سیانی دیکەشیان برینداربوون. وتیشی، دوو گەریلای دیکەیان بە دیل گرتووە.

راشیگەیاند، لە کاتی پشکنینی یەکێک لە ئەشکەوتەکاندا تەرمی ١٣ هاوڵاتی مەدەنی تورکیا بە کوژراوی دۆزراونەتەوە.

لەوبارەیەوە، دوێنێ میدیاکانی پەکەکە بڵاویانکردەوە، تورکیا بۆمبارانی هەندێک ناوچەی چیای گارەی کردووە و ئەو ناوچانە شوێنی مانەوەی ئەو دیلانە بووە کە گەریلاکان هێشتویاننەتەوە.

ئاماژە بەوەشکرا، کە دیلەکان کەسانی مەدەنی نین، بەڵکو سەرباز و ئەفسەری میتی تورکیان و هۆکاری گلدانەوەشیان بۆ گۆڕینەوەیان بووە بە گەریلا گیراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەنقەرە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەگەرچی تورکیا دەڵێت تەنیا سێ سەربازیان کوژراوە، بەڵام میدیاکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٣٠ سەربازی ئەو وڵاتەیان کوشتووە. هاوکات، ژمارەی ئەو گەریلایانەی گیانیان لەدەستداوە کەمترە لەو ژمارەیەی تورکیا بڵاویدەکاتەوە.