سەردێڕ:

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: سوپای عێراق ئەوەندەی چاویان لە سەنگەرەکانمانە ئاگاداری داعش نین

فۆتۆ: 
2021-02-06

2376 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، سوپای عێراق ئەوەندەی چاویان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە ئەوەندە ئاگاداری جموجۆڵەکانی داعش نین، دەشڵێت، لە کاتی شەڕی داعشدا سوپای عێراق ئیرادەی تێکشکابوو ئەوە پێشمەرگەبوو ناوچەکەی پاراست.


فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، سوپای عێراق ئەوەندەی چاویان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە ئەوەندە ئاگاداری جموجۆڵەکانی داعش نین، دەشڵێت، لە کاتی شەڕی داعشدا سوپای عێراق ئیرادەی تێکشکابوو ئەوە پێشمەرگەبوو ناوچەکەی پاراست.

مەردان چاوشین فەرماندە لە هێزەکانی پێشمەرگە لە روماڵی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، سوپای عێراق تا ئێستا ئامادەی هیچ هەماهەنگییەک نییە لەگەڵ پێشمەرگەدا، دەشڵێت، "داعش ئێستا لە سنوورەکانی هێزی پێشمەرگەدا هیچ جموجوڵێکیان نییە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای عێراق هیچ جوڵەیەکی بەرەو سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە گەرمیان نەکردووە، دەشڵێت، بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە بەڵکو بۆشای ئەمنی لەپشتی سوپای عێراقەوە هەیە.

مەردان چاوشین دەشڵێت، "رۆژانە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چاودێری ئەو سنوورانە دەکەن کە چەکدارانی داعش جموجوڵی تێدادەکەن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سوپای عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەماهەنگییەی پێشتر لەگەڵ هەرێم واژۆکرا، دەشڵێت، "ئەو چەکدارانەی لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا جموجوڵ دەکەن خەڵکی ناوچەکەن."

باسی لەوەشکردووە، "کێشە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا کاریگەری کردووەتە سەر کێشە ئەمنییەکانی سنوورەکانمان و سوپای عێراق لە زاڵگەکانیاندا ئەوەندی چاویان لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە ئەوەندە لە خەڵک ناپرسنەوە."

لە چەند رۆژی رابردووشدا، ھێمن ساڵح فەرماندەی لیوای دووی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاندبوو، "داعش رۆژانە خەڵکی سڤیل تیرۆر دەکات و پەنای بردووەتە بەر کوشتنی خەڵکی سڤیل"، وتبووشی، "لەگەڵ زیادبوونی جوڵەکانی چەکدارانی داعش ژمارەشیان زیادی کردووە."

پێشتریش، وه‌زاره‌تی پێشمەرگە رایگەیاندبوو، هیچ جوڵه‌ پێكردنێكی نائاسایی به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی عیراق نه‌كراوه ‌و ئه‌وه‌شی روویداوه‌ به‌ هۆكاری ئه‌وه‌یە، کە ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی چەکداران داعش‌ له ‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ره‌چووغ و مه‌خمور زیادبووه.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، بە مەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ئەگەری هێرشی سوپای عێراق، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی مەخمور و ناحیەی دیبەگە جوڵەی پێکراوە و لە دیوی چیای قەرەچوغیشەوە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی جێگیرکراون.

بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک بکە