سەردێڕ:

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش دەستیکردووە بە کوشتنی خەڵکی سڤیل

فۆتۆ: 
2021-02-03

1209 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "داعش رۆژانە خەڵکی سڤیل تیرۆر دەکات و پەنای بردووەتە بەر کوشتنی خەڵکی سڤیل"، دەشڵێت، "لەگەڵ زیادبوونی جوڵەکانی چەکدارانی داعش ژمارەشیان زیادی کردووە."


فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "داعش رۆژانە خەڵکی سڤیل تیرۆر دەکات و پەنای بردووەتە بەر کوشتنی خەڵکی سڤیل"، دەشڵێت، "لەگەڵ زیادبوونی جوڵەکانی چەکدارانی داعش ژمارەشیان زیادی کردووە."

ھێمن ساڵح فەرماندەی لیوای دووی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، داعش ئێستا رۆژانە کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوەدەبات، بەڵام بڵاوکردنەوەی کردەوەکانی داعش لە راگەیاندنەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەدەغەکراوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەکدارانی داعش تاکتیکی کردەکانیان گۆڕیوە پیشتر خەڵکیان  دەگرت، بەڵام ئێستا ھەر ھاوڵاتییەک دەستگیربکرێت دەکوژرێت، واتە وەک جاران بە دیلی خەڵک راناگرن، بەڵکو ئەوانەی دەکەونە دەست چەکدارانی داعش گولـلە باراندەکرێن."

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەشڵێت، "لەگەڵ زیادبوونی جوڵەکانی چەکدارانی داعش ژمارەشیان زیادی کردووە، سوپا تەنیا لەسەر شەقامی قیر جێگیرکراوە و گوندەکان زیاتر چەکداری داعشیان تێدایە."

ھێمن ساڵح ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ھەر لە ناوچەکانی سەرگەڕان و قەرەچۆغەوە تا دەگاتە گەیارەی نزیک موسڵ جوڵەی داعش زیادبووە، لە ناوچەکانی پشتی داقوق تا دێتەوە خەرابەڕووت و بای حەسەن و دووبزیش ژمارەی چەکدارانی داعش زیادیکردووە."

هەر ئەمڕۆ، وه‌زاره‌تی پێشمەرگە رایگەیاندبوو، هیچ جوڵه‌ پێكردنێكی نائاسایی به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی عیراق نه‌كراوه ‌و ئه‌وه‌شی روویداوه‌ به‌ هۆكاری ئه‌وه‌یە، کە ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی چەکداران داعش‌ له ‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ره‌چووغ و مه‌خمور زیادبووه.

دوینێش، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندبوو، تەنیا لە میحوەری مەخمور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ ھێزی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و ئەوەش بەھۆی مەترسیی چەکدارانی داعشەوەیە.

پێشتریش، جەعفەر مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەی خستبووڕوو، هێزێکی عێراقی، کە هێزێکی تێکەڵن بەرەو ناوچە دابڕاوەکان جوڵەى پێکراوە کە نازانرێت چى جۆرە هێزێکن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، بە مەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ئەگەری هێرشی سوپای عێراق، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی مەخمور و ناحیەی دیبەگە جوڵەی پێکرا و لە دیوی چیای قەرەچوغیشەوە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی جێگیرکراون.