سەردێڕ:

کازمی: دوو سەرکردەی باڵای داعش کوژران

لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری دیکەش
فۆتۆ: 
2021-02-03

801 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق کوژرانی دوو سەرکردە و ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعشی راگەیاند.


سەرۆکوەزیرانی عێراق کوژرانی دوو سەرکردە و ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعشی راگەیاند.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتەر بە ھەرسێ زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی نوسیوویەتی، "ئەبو حەسەن ئەلغرێباومان لەناوبرد، کە بە فەرماندەی باشوری عێراقی داعش دەناسێنرا، لەگەڵ غانم سەباح کە بەرپرسی گواستنەوەی خۆکوژەکان بوو، هاوکات ژمارەیەک چەکداری دیکەش لەگەڵ ئەوانیدا کوژراون."

کازمی ئاماژەی بە ژمارەی ئەو چەکدارانە نەداوە، کە لەگەڵ ئەو دوو سەرکردەیەی داعشدا کوژراون.

پێشتر، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبووە، کە پشتبەستن بە زانیاری ھەواڵگری و بە فەرمان و ھەماھەنگی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان سەر بە سوپای عێراق، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانییان بۆسەر ئامانجێکی چەکداران لە قەزای ئەبو غرێب لە رۆژئاوای بەغدا ئەنجامیانداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو، دوو تەقینەوە لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق روویدا و بەو هۆیەشەوە ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١١٠ کەسی دیکە برینداربوون، کە دواتریش داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند و هەر لەپاش تەقینەوەکانیشەوە، عێراق ئۆپراسیۆنەکانی چڕکردەوە بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا.