سەردێڕ:

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکانمان لەبەر مەترسی داعش خراونەتە ئامادەباشییەوە

فۆتۆ: 
2021-02-02

6121 جار خوێندراوەتەوە

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، تەنیا لە میحوەری مەخمور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ ھێزی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و ئەوەش بەھۆی مەترسیی چەکدارانی داعشەوەیە.


سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، تەنیا لە میحوەری مەخمور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ ھێزی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و ئەوەش بەھۆی مەترسیی چەکدارانی داعشەوەیە.

جەمال ئێمینکی سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، لە ناوچەکانی خانەقین و قەرەتەپە و جەبارە تا رۆژئاوای کەرکوک و دەگاتە مەخموور رۆژ بە رۆژ جووڵەی چەکدارانی داعش زیاتر دەبێت، ھۆکارەکەشی بۆ ھەبوونی بۆشای ئەمنی دەگەڕێتەوە.

راشیگەیاندووە، داعش لە ھەندێک ناوچە بە ئازادیی ھاتوچۆ دەکەن و تاکتیکی خۆیان دەگۆڕن، هەرێم و عێراقیش نەگەیشتوون بە رێککەوتن تا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکرێتەوە.

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشکردووە، ناوچەکانی مەخمور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ یەکێکە لەو ناوچانەی داعش تێیدا جوڵە دەکات، لەبەرئەوەش تەنیا لەو میحوەرە ھێزی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و چوونی ھێزی پێشمەرگەش بۆ سنووری مەخموور بەھۆی مەترسیی چەکدارانی داعشە، لەبەرئەوەی داعش جوڵەی ھەیە لەو سنوورە و پێویستە پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدا بێت.

دوێنێش، جەعفەر مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هێزێکی عێراقی، کە هێزێکی تێکەڵن بەرەو ناوچە دابڕاوەکان جوڵەى پێکراوە کە نازانرێت چى جۆرە هێزێکن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، بە مەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ئەگەری هێرشی سوپای عێراق، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی مەخمور و ناحیەی دیبەگە جوڵەی پێکرا و لە دیوی چیای قەرەچوغیشەوە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی جێگیرکراون.

پێشتریش، کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغی پارتی رایگەیاند، "هاتنی هێزەکانی حکومەتی عێراق ناسروشییە و بۆیان بکرێت هەموو گوندەکانی ناوچەکە تەعریب دەکەن".