سەردێڕ:

بایدن بۆ پوتین: لە دەستگیرکردنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا نیگەرانین

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا
فۆتۆ: 
2021-01-27

737 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى ئەمریکا یەکەم پەیوەندی بە سەرۆکى روسیاوە کرد، بەپێی راگەیەنراوی کۆشکی سپیش نیگەرانی واشنتنی لەبارەى چەند پرسێکەوە گەیاندووەتە مۆسکۆ. ​


سەرۆکى ئەمریکا یەکەم پەیوەندی بە سەرۆکى روسیاوە کرد، بەپێی راگەیەنراوی کۆشکی سپیش نیگەرانی واشنتنی لەبارەى چەند پرسێکەوە گەیاندووەتە مۆسکۆ.

کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "بایدن نیگەرانی خۆی لەبارەى دەستگیرکردنی ئاڵێکسی ناڤاڵی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا دەربڕیوە."

باسی لەوەشکردووە، "نیگەرانی خۆشی لەبارەى دۆسیەی پێدانی پاداشت بە بزوتنەوەى تاڵیبان لە بەرامبەر کوشتنی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان نیشانداوە."

لای خۆشییەوە، کۆشى سەرۆکایەتى روسیا (کریملن) بڵاویکردووەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا پوتین پیرۆزبایى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى ئەمریکاى لە بایدن کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا خزمەت بە بەرژەوەندى هەردوو وڵات و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە گشتى دەکات، چونکە ئەوان بەرپرسیارێتى تایبەتیان هەیە لە پشتگیرى کردنى ئاسایش و سەقامگیرى لە جیهاندا."

هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی کرمیلن، "هەردوولا خۆشحاڵى خۆیان راگەیاندووە بە گۆڕینەوەى یاداشتى دیبلۆماسى بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەى بەڵێننامەى داماڵینى چەکى ستراتیژى هێرشبەر، لە ماوەى داهاتووشدا هەنگاوە پێویستەکانى تایبەت بە گەرەنتیکردنى بەردەوامى کارەکانى تایبەت بە سنوردارکردنى چەکى ئەتۆمى تەواو دەکەن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رابردوو، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاندبوو، ئیدارەی بایدن دەیەوێت، كە پەیمانی نوێی كۆنترۆڵی چەک و جبەخانە لەگەڵ روسیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژ بكاتەوە.

وتەبێژی سەرۆکی روسیاش رایگەیاندبوو، کە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئیدارەی بایدن دەکەن.

پەیماننامەكە هەریەک لەو دوو وڵاتە سنوردار دەكات بەوەی ١٥٠٠ چەكی ئەتۆمی و ٧٠٠ موشەک و بۆمبهاوێژیان هەبێت ئەمەش ٣٠٪ كەمترە لە بەرزترین رێژەی ئەو چەكانە كە ساڵی ٢٠٠٢ هەیانبووە.