سەردێڕ:

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكراكرا

فۆتۆ: 
2021-01-26

12961 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١دا كرد، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر زۆرە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."


دوای ئەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١دا كرد، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر زۆرە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان  و شایستەكانی لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ كراوە."

موسەنا سامەڕائی جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كردووە و قوباد تاڵەبانیش وەک سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە.

لە كۆبوونەكەدا جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، "هەمووان سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە بۆچوونەكان لێک نزیك بكەینەوە و رێكبكەوین لەسەر رێكارەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە پشكی هەرێم، لە بەرامبەر پابەندییەكانی هەرێمیش دەبێت حكومەتی ناوەندیش بەڵێنەكانی بباتەسەر."

لای خۆشییەوە، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاندووە، "حکومەتی هەرێم رەزامەندیداوە لەسەر نیشاندان و پێشکەشکردنی سەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و داهاتەکانی تر."

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی دوای ئەوەى حکومەتی فیدڕاڵی سەرجەم زانیارییەکانی لەبارەى پرۆسەی هەناردەکردن و دۆسیەی گومرگ و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە."  

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێم رۆشتنە بەغدا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و دوێنێش قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی دانوستانكاری هەرێم چووە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکاندا.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، "مە‌بە‌ستی سە‌ردانەکە چە‌سپاندنی رێككە‌وتنی مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ی نێوان حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكومە‌تی فیدڕاڵە‌ لە‌سە‌ر پڕۆژەیاسای بودجە‌ی ساڵی ٢٠٢١، كە‌ تیایدا پشكی ھە‌رێم بە 12.67٪‏ دیاریكرا."