سەردێڕ:

یەکەم هەنگاوی بایدن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێراندا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-01-25

4377 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی رایگەیاند، ئیدارەکەی بایدن بەنیازە لە رێگەی نێوندگیرە ئەورپییەکانەوە دەرچەیەک بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا فەراهەم بکات.


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی رایگەیاند، ئیدارەکەی بایدن بەنیازە لە رێگەی نێوندگیرە ئەورپییەکانەوە دەرچەیەک بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا فەراهەم بکات.

تۆڕی هەواڵی سکای نیوزی بەریتانی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، "ئیدارەکەی جۆ بایدن، بەنیازە لە رێگەی نێوندگیرە ئەورپییەکانەوە دەرچەیەک بۆ گفتۆگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بدۆزێتەوە."

بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "سیاسەتەکانی بایدن جەخت لە ستراتیژیەتی بەرپەرچدانەوەی ئەمەریکا دەکات لە ناوچەکە هاوشان لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران."

باسی لەوەشکردووە، "ئەمەریکا بەمەبەستی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە کەنداو و ئیسرائیل."

لای خۆشییەوە، کینیس ماکێنزی سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران لە قۆناغی 'دەرفەت'دایە، لە دوای ئەوەی جۆ بایدن بووە سەرۆکی ئەمریکا.

ماکێنزی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم چەند مانگەی رابردوو بەر لە دەستبەکاربوونی بایدن، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گرژبوونی زیاتریان بەخۆیانەوەبینی و ئەمریکا توانیوویەتی هێزی بەرپەرچدانەوە بپارێزێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ فایلی ئێراندا، هێزەکانیان لە ناوچەکەدا هەوڵیانداوە رێگری بکات لە روودانی جەنگ لەگەڵ ئێران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٥ وڵاتانی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا و چین و ئەڵمانیا، رێککەوتننامەی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆکرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى پێشووی ئەمریکا تاکلایەنە لە ساڵی ٢٠١٨ لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای ئابوری توندی خستەسەر ئێران.

لەماوەی رابردووشدا، لەلایەن شارەزایانەوە ئاماژە بەوەدەکرا، پێدەچێت ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، بەشیوەیەکی نەرمتر مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا بکات.