سەردێڕ:

نازم دەباغ: ئەگەر سوپای پاسداران و حاجی قاسم نەبوایە داعش بەغدای داگیر دەکرد

فۆتۆ: 
2021-01-25

3974 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند، پێشمەرگە خۆی هێزێکی قارەمانە بەڵام ورەیەکی بەهێزی وەکو قاسم سولەیمانی پێویستە، دەشڵێت، "ئەگەر سوپای پاسداران و حاجی قاسم و کۆمەکەکان نەبوایە داعش بەغدای داگیر دەکرد."


نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند، پێشمەرگە خۆی هێزێکی قارەمانە بەڵام ورەیەکی بەهێزی وەکو قاسم سولەیمانی پێویستە، دەشڵێت، "ئەگەر سوپای پاسداران و حاجی قاسم و کۆمەکەکان نەبوایە داعش بەغدای داگیر دەکرد."

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران لە رووماڵی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە نیگەرانی کردوین و بەرپرسانی ئێرانی نیگەرانن لە بڵاوکردنەوەی فیلمەکە و ئیدانەی دەکەن"، دەشڵێت، "حکومەتی ئێران بەڵێنیان پێداین بەدواداچوون بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە دەکەن و بڵاوکردنەوەی فیلمێک لەسەر مەسعود بارزانی لەلایەن ئۆرگانێکی فەرمی ئێرانەوە ئەنجام نەدراوە."

لە میانی بەرنامەکەشدا نازم دەباغ بابەتێکی لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە باسکرد، کە وەک خۆی دەڵێت، بۆ یەکەمجارە باسیدەکات و ئەوەی خستەڕوو، "کاتێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان و راوێژکارەکانی سوپاسی پاسدارانی ئێران گەیشتنە جەبەل حەمرین، ئەو شوێنەی کە هەمیشە رەوانشاد مام جەلال دەیوت (حدودمان جەبەل حەمرینە)، لەوێ وەستا و شێخ جەعفەر و هێزی پێشمەرگەی بانگکرد و وتی، ئەوە جەبەل حەمرین؛ فەرموو بۆ جەنابی مام جەلال دیفاعی لێبکەن ئەوە سنوری ئێوەیە، کە حاجی قاسم چەند راوێژکارێکی لەگەڵ بوو ئەوانی تر هێزی پێشمەرگە بوون."

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران باسی لەوەشكرد، "کورد نابێت چاکە و پیاوەتی ئێران لەشەڕی داعشدا لە بیربکات، ئەگەر سوپای پاسداران و حاجی قاسم و کۆمەکەکان نەبوایە داعش بەغدای داگیر دەکرد."

وتیشی، کە ئێران دڵنیایی لەوە دەکاتەوە پشتیوانی مافەکانی کوردن لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.

لە درێژەی قسەکانیشیدا لە بەرنامەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، پارتی بەهێزترین پەیوەندی هەیە بەبەراورد بە حزبەکانی تری هەرێم لەگەڵ ئێراندا.