سەردێڕ:

وەزارەتی پێشمەرگە ئامانجی هاوپەیمانان لە گواستنەوەی موچەی لیوا هاوبەشەکان ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2021-01-25

7811 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "لە هەموو وڵاتاندا، هێز دەبێت بەدەست حکومەتەوە بێت، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، دەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمدابن، هێز دەبێت هی خەڵک بێت و نابێت هێزی حزبی بمێنێت ئەمە مەبەستی هاوپەیمانانە."


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "لە هەموو وڵاتاندا، هێز دەبێت بەدەست حکومەتەوە بێت، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، دەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمدابن، هێز دەبێت هی خەڵک بێت و نابێت هێزی حزبی بمێنێت ئەمە مەبەستی هاوپەیمانانە."

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمان، لەگەڵ ئەفسەرانی وەزارەتەکەیان پێکهێنراوە بۆ کارکردن لەسەر ٢٦ خاڵی تایبەت بە چاکسازی، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانیش یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە.

راشیگەیاندووە، دەنگۆی بڕینی ئەو ٢٠ ملیۆن دۆلارە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئارادایە، کە پێشتر ئەمەریکا بۆ موچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە مانگانە خەرجی دەکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری بڕینی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن هاوپەیمانانەوە وەکو ناڕەزایەتییەکە لە بەرامبەر لێبڕینی موچەی ئەو هێزانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "پەیوەست نییە بە لێبڕینەوە، بەردەوام ئەو پارەیە هاتووە و دراوە بە پێشمەرگە."

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشکردووە، "وەزارەتەکەمان پلانی داناوە، کە موچەی مانگانە نابێت بەدەستی بدرێت، بەڵکو لە رێگەی بانکەوە بێت، بەم هەنگاوەش موچەی لیواکانی پێشمەرگە دەبێتە سستمی بانکی"، دەشڵێت، "ئەمە تەنها داواکاری هاوپەیمانان نەبووە، بەڵکو بەرنامەی سەرەکی حکومەتیش بووە، بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی هەموو کاروبارەکان، لەوانە کاروباری وەزارەتی پێشمەرگەش."

دوێنێش، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دەستکاری لێبڕینی وەزارەتەکەیان دەکەن و لێبڕینەکە یان بە تەواوی لادەبەین یان کەمی دەکەنەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥دا حکومەتی هەرێم دەستی بە پاشەکەوتکردنی موچە کرد و رایگەیاندبوو، لە ماوەکانی داهاتوودا ئەو پارەیەی کە پاشەکەوتی دەکەن بۆ فەرمانبەرانی دەگەڕێننەوە، بەڵام ئێستا و پاش شەش ساڵ هیچ بڕە پارەیەکی پاشەکەوتکراو بۆ فەرمانبەران بەگەڕێنراوەتەوە.