سەردێڕ:

سیستانی: بەکارهێنانی ماددەکانی پێکهاتەی بەراز بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاساییە

فۆتۆ: 
2021-01-25

2015 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵەی خوخە لە بەریتانیاوە چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی عەلی سیستانی مەڕجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەبارەی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا کردووە و ئەویش لە رووی یاساکانی ئاینی ئیسلامەوە وەڵامی داونەتەوە.


کۆمەڵەی خوخە لە بەریتانیاوە چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی عەلی سیستانی مەڕجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەبارەی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا کردووە و ئەویش لە رووی یاساکانی ئاینی ئیسلامەوە وەڵامی داونەتەوە.

لەبارەی ڤاکسینەکانی فایزەر و مۆدێرنای ئەمریکی و ئیسترازینکای ئەوروپی و هەر ڤاکسینێکی ترەوە، کە ئەگەری زیانی لاوەکیان هەیە سیستانی دەڵێت، "لەم دۆخانەدا پێویستە پشت بە زانیاری و وەڵامی کەسانی پسپۆر لەم بوارەدا ببەستین."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینانەی پەسەندکراون و مۆڵەتیان پێدراوە لە رووی شەریعەتی ئیسلامەوە هیچ گرفتێکیان نییە."  

هاوکات، لەبارەی ئەو کەسانەی پارەیەکی زیاتر دەدەن لە پێناو دەستخستنی ڤاکسینی کۆرۆناوە سیستانی مەڕجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەڵێت، "نابێت یاسا شکێنی بکرێت و پێویستە سەرەتا بدرێت بەو کەسانەی کە لەریزبەندی پێشەوەن، بەڵام ئەگەر ئەمەی تێدانەبێت کێشەی نییە."

لەبارەی ئەو پرسیارەی کاتێک کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین داوا لە خۆبەخشاندەکەن بەشداری تێدابکەن باسی لەوەشکردووە، "کەسی باوەڕدار دەتوانێت بەشداری تێدابکات بەمەرجی پاراستی سەلامەتی تەندروستی و روبەڕونەبوونەوەی بە مەترسییەک هەڕەشە لەسەر ژیانی دروست بکات."

لەبارەی بەکارهێنانی هەندێک لەو ماددانەی لە پێکهاتەی بەرازدا هەن بۆ دروستکردنی ڤاکسینەکان دەڵێت، "هیچ کێشەیەکی تێدانییە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، عەلی خامنەیی رابەری ئایینی ئێران رایگەیاندبوو، پێویستە بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرە بە ڤاکسینی بەرھەمھاتووی وڵاتەکەی بدرێت و بە ھەموو جۆرێک ھاوردەکردنی ڤاکسینی بەرھەمھێنراوی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ئێران قەدەغەیە.

رابەری ئایینی ئێران ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە، کە ئەو وڵاتانە جێی متمانەنین و دەیانەوێت ڤاکسینەکانی خۆیان لەسەر نەتەوەکانی دیکە تاقیبکەنەوە.