سەردێڕ:

سەرباری زیادبوونی داهات؛ لێبڕینی موچە لانەبراوە

فۆتۆ: 
2021-01-25

1549 جار خوێندراوەتەوە

سەربارى ئەوەی ئێستا داهاتى نەوتیى و نانەوتیى هەرێم زیادیکردووە بەراورد بەو کاتەى کە حکومەت لێبڕینى موچەى داهێنا و لێبڕینەکەش بە مەبەستى پێدانى موچە بوو هەر ٣٠ رۆژ جارێک، بەڵام ئێستا نە لێڕینى موچە لابراوە و نە هەموو مانگێکیش حکومەت موچە دابەشدەکات.


سەربارى ئەوەی ئێستا داهاتى نەوتیى و نانەوتیى هەرێم زیادیکردووە بەراورد بەو کاتەى کە حکومەت لێبڕینى موچەى داهێنا و لێبڕینەکەش بە مەبەستى پێدانى موچە بوو هەر ٣٠ رۆژ جارێک، بەڵام ئێستا نە لێڕینى موچە لابراوە و نە هەموو مانگێکیش حکومەت موچە دابەشدەکات.

لەسەر کاریگەرییەکانى لێبڕین و دواکەوتنى موچە و دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى، فەرمانبەرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس لە جیاوازى موچەکەى لە ئێستادا بەراورد بە پێشووتر دەکات و نوسیویەتى، پێشتر هەموو مانگێک ٩٦٠ هەزار دینارى وەرگرتووە، کە ئەو کات ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٢٠ هەزار دینار بووە و دەیکردە ٨٠٠ دۆلار.

بەڵام ئێستا پاش لێبڕینى لەسەدا ٢١، موچەکەى٧٥٠ هەزار دینارە، ئەوەش بە ٥٢ رۆژ، کە دەکاتە ٤٣٥ هەزار بۆ هەر مانگێک.

نوسیویشیەتى، بە نرخى ئێستاى دۆلار کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٦ هەزار دینارە، موچەکەى ئێستاى دەکاتە تەنها ٢٩٧ دۆلار بۆ هەر مانگێک، واتە لە ئێستادا ئەو فەرمانبەرە بەهۆى لێبڕین و دواکەوتنى موچە و بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار هەموو مانگێک ٥٠٠ دۆلار کەمتر لە موچەى پێشوترى وەردەگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە وتەى بەرپرسانى حکومەت لە ئێستادا داهاتى هەرێم زۆر زیادیکردووە و پلانیان هەیە، پرسی موچە چارەسەر بکەن و دابەشکردنی بکرێتە مانگانە.

لەو بارەیەوە رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی پێشتر بە میدیاکانى پارتى راگەیاندبوو، داهاتی ناوخۆ بەهۆی دەستپێکردنەوەى جموجوڵی بازرگانی گەیشتووەتە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، هەروەها داهاتی نەوتیش دەگاتە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، هەرچەندە چاودێران بەهۆى ناشەفافى حکومەتەوە گومان لەو داتایەنەى حکومەت دەکەن و پێیان وایە زۆر لەوە زیاترە.

هاوکات، بە لێبڕینى لەسەدا ٢١ەوە حکومەت مانگانە پێویستى بە ٧٠٧ ملیار دینارە بۆ دابەشکردنى موچەى تەواوى موچەخۆران هەر ٣٠ رۆژ جارێک.

بەڵام ئەوەى جێی تێبینیە، پاش زیاتر لە ٥٠ رۆژ حکومەتى هەرێم دەستیکردووە بە دابەشکردنى موچە، بەڵام بەپێی ئەو خشتانەى کە وەزارەتى دارایی بڵاوی دەکاتەوە، هەر هەفتەیەک چەند وەزارەتێک موچە وەردەگرن، بەوەش فەرمانبەران و خانەنشینان بە دوو مانگ تەنها یەک موچە بە لێڕینەوە وەردەگرن.